حەکیم و مالیکی تاوتوێی تەواوکردنی شایستەی سەرۆکایەتییەکان و پتەوکردنی سەقامگیری سیاسی دەکەن
عەممار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی و نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیان لەسەر یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی کردەوە، وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوی پڕۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد، و تێیدا بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و ڕێژەی بەرزی بەشداری تێیدا بەدی هات.
لە دیدارەکەدا سەید حەکیم جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ تەواوکردنی شایستەکانی سێ سەرۆکایەتییەکە (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک وەزیران) و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، هاوكات داوای کرد کە بەرژەوەندیی گشتی بخرێتە پێش بەرژەوەندیی تایبەت، بە شێوەیەک کە سەقامگیریی سیاسی بەهێز بکات و خزمەت بە داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق بکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و پشتگیریکردنی ڕێڕەوی پڕۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا
