گفتوگۆکانی نێوان خەزعەلی و مالیکی بۆ شکاندنی بنبەستی سیاسی و دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەیە
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، و نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی وڵات و ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوویان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: شێخ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد.
ڕوونیشیکردەوە کە لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسیی وڵات کرا، و هەردوولا ڕێگاکانی دەرچوون لە حاڵەتی چەقبەستوویی سیاسی و گرنگیی تەواوکردنی ئامادەکاری و پێداویستییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوویان تاوتوێ کرد.
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دیدارەکە باسی لە دۆخی سیاسیی گشتی کرد، و جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی لەپێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی سەقامگیری و پاڵنانی پرۆسەی سیاسی بەرەو ڕێڕەوە دەستوورییە دروستەکان
