میدیایەکی ئیسرائیلی: ڕوسیا بە نهێنی نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا دەکات
سەرچاوە ئەمنییە ئیسرائیلییە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردوە کە ڕوسیا بە نهێنی ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا دەگێڕێت، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردو وڵاتدا، ئەوەش بە ڕەزامەندی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.
سەرچاوەکان بە دەستەی پەخشی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندوە، لە ئێستادا ئازەربایجان سەرپەرشتی کۆبونەوە و وتوێژە ڕاستەوخۆکان دەکات، لەوانەش سەردانی بەرپرسانی باڵای هەردولا بۆ باکۆی پایتەخت، لە کاتێکدا مۆسکۆ لە پشت پەردەوە کار دەکات بۆ بەرەوپێش بردنی پڕۆسەکە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلی کە ئاگاداری وردەکارییەکانە، ئاماژەی بەوەکردوە کە مۆسکۆ و دیمەشق پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر دەکەن، دەشڵێت، ڕوسیا لە مانگی ڕابردودا سەرباز و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەی کەناراوەکانی لازقییە گواستوەتەوە، دوای ئەوەی پێشتر و بەهۆی کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بونی خۆی کەمکردبوەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ چالاکی چڕ لە سوریا.
بەگوێرەی سەرچاوەئاگادارەكان، ئیسرائیل پێی باشە ڕێگە بە بونی ڕوسیا بدات لە ناوچەکەدا، لەجیاتی ئەوەی هەژمونی تورکیا لە باشوری سوریا بەهێزتر بێت.
