پێشنیازى هەرێمى بەسڕە خرایە بەرنامەى کارى دانیشتنى داهاتووى ئەنجوومەنى پارێزگا
خەلەف بەدران، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە رەزامەندیدا پێشنیازى هەرێمى بەسرە بخرێتە بەرنامەى کارى دانیشتنى داهاتووى ئەنجوومەنەکە.
لە دوێنێ سێشەممەوە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە دەستیان بە کۆکردنەوەى واژۆ کردووە بۆ ئەوەى پێشنیازى هەرێمى بەسرە بخرێتە بەرنامەى کارى دانیشتنى داهاتووى ئەنجوومەنەکە.
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمى ئەنجوومەنەکە و واژۆى ئوسامە عەبدولڕەزا سەعد، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنەکەى بەسەرەوەیە و ئاراستەى سەرۆکی ئەنجوومەن کراوە داوا دەکات گفتوگۆى ئەو پێشنیازە بکرێت و داواش لە سەرۆکوەزیران بکرێت پێشنیازەکە ڕەوانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکات.
لە نووسراوەکەدا هاتووە "پێشنیازەکە پشت دەبەستێت بە "پێویستییەکانی بەرژەوەندی گشتی" و حوکمی ماددەکانی دەستووری عێراق (16، 17 دووەم، 18، و 19 یەکەم)، جگە لە یاسای ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی پێکهێنانی هەرێمەکان ژمارە 13ـى ساڵی 2008 و لەسەر بنەمای لیستی واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە".
هەروەها نووسراوەکە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کە بەشی یاسایی ڕابسپێرێت بۆ بەدواداچوونی تۆمارکردنی داواکارییە یاساییە پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ ئەگەری سپاردنی ئەرکەکە بە نووسینگەی یاسایی لە دەرەوەی ئەنجوومەن.
ڕۆژانی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2025، جووڵەیەکی چڕی فەرمی و یاسایی بەخۆوە بینی بۆ دووبارە کاراکردنەوەی پێشنیازی گۆڕینی پارێزگای بەسرە بۆ هەرێمێکی کارگێڕی سەربەخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو مافانەی کە دەستووری عێراق گەرەنتی کردوون.
