دیدارێکی نوێی نێوان ترەمپ و زێلینسکی بۆ تاوتوێکردنی پلانی ئاشتی 20 خاڵیدا
ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، پێدەچێت ڕۆژی یەکشەممە لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، لە هەوڵێکدا بۆ ڕێككەوتنی کۆتایی لەسەر پلانێکی ئاشتی ئەمریکی بۆ ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا کە لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە و بەدیاری كراوی دو بەربەرسی سەرەكی تاوتوێ دەكەن.
ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، لە پلاتفۆرمەکانی خۆیەوە کۆبونەوەکەی ئاشکرا کرد و جەختیکردەوە کە ئۆکرانیا بە جیدی کار دەکات بۆ بەردەوامبون لە گفتوگۆکانی ئاشتی و"زۆر شت دەکرێت پێش هاتنی سەری ساڵ یەکلا بکرێتەوە".
لە لێدوانێکی دواتردا بۆ ڕۆژنامەنوسان، زلێنسکی ئاماژەی بە "کارنامەیەکی بەرفراوان" کرد بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ترەمپ لە هاوینەهەواری "مارالاگۆ"، و ڕونیکردەوە کە بابەتەکانی گفتوگۆکردن گرنگترین دو خاڵی ناکۆکی نێوان واشنتن و کیێڤ لە دانوستانەکانی ئاشتیدا دەگرێتەوە.
بەوتەی زلێنسكی، دو بەربەستەكەی بەردەم ڕێككەوتنی ئاشتی بریتیە لە چارەنوسی ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، و وێستگەی وزەی ئەتۆمی زاپۆریژیا کە ڕوسیا كۆنتڕۆڵیكردوە.
زلێنسکی ئەم هەفتەیە پلانێکی هەموارکراوی 20 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاشکرا کرد، کە بە هاوکاری ویلایەتە یەکگرتوەکان پەرەیپێدراوە، و کۆمەڵێک پرسی بەرفراوان دەگرێتەوە کاتێکدا ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبو کە لەگەڵ زلێنسکی کۆنابێتەوە تەنها کاتێک نەبێت کە هەردو لایەن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی نزیک ببنەوە.
