سودانی: هه‌وڵێكی گرنگ ده‌ده‌ین بۆ ڕێكخستنی كۆبونه‌وه‌ی دو قۆڵی نێوان تاران و واشنتن له به‌غدا
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌یزرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی دانوستانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له به‌غدای پایته‌خت و له‌باره‌ی كاندیدبونیشی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی ده‌ڵێت، "من و نوری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی كاندیدین بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی نوێی عێراق".
محه‌مه‌د شیاع سودانی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "المیادین" رایگه‌یاند، دیاریترین كاندیده‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی داهاتوی حكومه‌ت من و نوری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سڕین، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا چه‌ند ناوێكی دیكه‌ش له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سایه‌تی عێراقییه‌وه خراونه‌ته‌ڕو، خولی دوه‌میش بۆ من خواستێكی كه‌سی نییه، ئه‌وه‌نده‌ی ئامانجی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌یه كه ده‌ستمان پێكردوه".
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران، سودانی ئاشكرایكرد، "ئێستا هه‌وڵێكی گرنگ ده‌ده‌ین بۆ ڕێكخستنی كۆبونه‌وه‌ی دو قۆڵی نێوان تاران و واشنتن له به‌غدا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ردولا، پێشنیارمان بۆ تۆم باراك نوێنه‌ری ئه‌مریكاش كرد كه ده‌توانین سود له په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران وه‌ربگرین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا، هه‌ردو وڵاتیش تا ئێستا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دیالۆگ ره‌ت ناكه‌نه‌وه".
له‌باره‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سودانی وتی، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هیچ ڤیتۆیه‌ك له‌سه‌ر سه‌رۆكی داهاتوی په‌رله‌مان دانانێت و بڕیاره‌كه‌ش له‌سه‌ر پێكهاته‌ی سوننه‌یه،متمانه‌یه‌كی زۆریشمان هه‌یه كه هه‌مو هێزه سیاسییه‌كان د‌رك به جددیه‌تی قۆناغی داهاتو بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به كۆنتڕۆڵكردنی چه‌ك له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌كرد، "سنورداركردنی چه‌ك داواكارییه‌كی ئه‌مریكی نییه، به‌ڵكو بڕیارێكی عێراقییه له به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا كه من پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانم كرد و ده‌نگی له‌سه‌ردرا، یه‌كێك له مه‌رجه‌كانیشم ئه‌وه بو كه قبوڵ نه‌كه‌م سه‌رۆكی حكومه‌ت بم و وه‌ك ته‌ماشاكه‌ری بۆردومانی باڵیۆزخانه و شوێنه‌كان بمێنمه‌وه، گروپه عێراقییه‌كانیش دو بژارده‌یان له‌به‌رده‌مدایه، یان په‌یوه‌ندیكردن به دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانه‌وه یان چونه سه‌ر ڕێڕه‌وی سیاسی".
له‌باره‌ی شه‌ڕی ئیسرائیل و به‌ركه‌وتنی پریشكی به‌ر عێراق، سودانی ئه‌وه‌یخستۆته‌ڕو، "ئێمه هه‌نگاومان نا بۆئه‌وه‌ی عێراق له شه‌ڕ بپارێزین و هیچ بیانویه‌ك نه‌ده‌ین به ئیسرائیل، به‌و پێیه‌ی ئامانجی له 7ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه به‌رفراوانكردنی ململانێكان بو".
