حەکیم: پێویستە پابەندبین بە کاتە دەستوورییەکان و ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، سەید عەممار حەکیم، جەختی لە پێویستی پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان و گرنگی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەکانی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی حەکیمدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "حەکیم لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی لە پەرلەمان کۆبووەوە"، تێیدا جەختی لە "یەکدەنگی بڕیاری فراکسیۆنەکە و یەکگرتوویی، و پێویستی کارکردن لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تری پەرلەمان کردەوە، هەروەها سوودوەرگرتن لە قبوڵکراویی هاوپەیمانییەکە بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق لە گەشەپێدان و دەرکردنی ئەو یاسایانەی خزمەت بە هاووڵاتییان دەکەن."
حەکیم جەختی کردەوە لە "گرنگی کارکردن بۆ هەموو عێراقییەکان بەبێ جیاکاری، و پێویستی گۆڕینی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بۆ واقیعێکی مەیدانی بەرجەستەکراو"، داواشی کرد بۆ "ئەنجامدانی کارێکی پەرلەمانی کاریگەر کە هەردوو ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران زیندوو بکاتەوە"، دووبارە جەختیشی کردەوە لە "پێویستی پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکان، و گرنگی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەکانی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا."
