سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە حەلبوسی و دوو جێگرەکەی دەکات: خەڵک چاوەڕێی ڕۆڵی چاودێریکردنی گونجاوی ئێوەن.
سەرۆک کۆمار عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە ئەنجومەنی نوێنەران یەکەمین شایستەی دەستووریی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامداوە، ئەمەش گوزارشت لە هەستی بەرزی بەرپرسیارێتی نیشتمانیی سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران دەکات.
سەرۆک کۆمار لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی، کە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی، پیرۆزباییتان لێ دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی شەشەمدا، هەروەها پیرۆزبایی لە عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەن و فەرهاد ئەتروشی وەک جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەن دەکەین، هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە و تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەخوازین لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتان بۆ خزمەتکردنی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە."
لە پەیامێکیدا سهرۆك كۆمار وتی: "ئەنجومەنی نوێنەران لەمڕۆدا یەکەمین شایستەی دەستووریی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ کرد، ئەمەش دووپاتکردنەوەی ئەو هەستە بەرزەیە کە سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران هەیانە بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەی لەسەر شانیانە. لەم پێگەیەوە، قورسایی ئەو ئەرکە وەبیر دەهێنینەوە کە چاوەڕێی ئەنجومەنە بەڕێزەکەتان دەکات بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، ئەو گەلەی وەفادار بوو بۆ نیشتمان و بە چڕی بەشداری کرد لە دەنگدان بۆ نوێنەرەکانی لە ئەنجومەن."
هەروەها جەختی کردەوە: "ڕۆڵی چاودێریی ئەنجومەنە بەڕێزەکەتان لە ڕۆڵە تەشریعییەکەی کەمتر نییە، چونکە گەل چاوەڕێتان لێ دەکات بە باشترین شێوە ڕۆڵی چاودێری بگێڕن؛ چونکە ناتوانرێت باس لە سیستەمێکی پەرلەمانی و ئەزموونێکی دیموکراسی ڕاستەقینە بکرێت بەبێ هەبوونی ئەنجومەنێکی نوێنەران کە توانای چاودێریکردنی ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکارانی هەبێت."
لە کۆتاییدا وتی: "هیوای سەرکەوتن بۆ ئەنجومەنە بەڕێزەکەتان دەخوازین لە جێبەجێکردنی تەواوی شایستە دەستوورییەکانی دیکە لە وادە دیاریکراوەکانی خۆیاندا."
