ئاژانسی موتەڵع تەواوی بڕیارەکانی كۆبونهوهی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاودەکاتەوە
ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد لە میانی دانیشتنی ئاسایی (٥٢)ەمینی خۆیدا کە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو، دیارترینیان پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن بۆ واژۆکردنی پڕۆژەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پلانی داخستنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکات سەپاندنی ڕەسمی گومرگی زیادە بە بڕی (٣٠٪) لەسەر یەکەی پێوانەی بەرهەمی ماست و شیری شل، کە لە هەموو وڵاتانەوە هاوردەی عێراق دەکرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگهیندراوێكدا بڵاویکردەوه: "سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی ٥٢ەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، کە تێیدا تاوتوێی کۆی بارودۆخی گشتی وڵات کرا و سەیری ئەو بابەتانە کرا کە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون و بڕیار و ڕێنمایی پێویستیان دەربارە درا".
لە راگهیندراوهكه هاتووە، "لە بواری پەرەپێدانی پیشەسازی دەرمانسازی و دابینکردنی پێداویستییە ئیجرائییەکانی، ئەنجومەن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر تێکەڵکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دەرمانسازی ئێستا کە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (ژمارە ٢٣١٥١ی ساڵی ٢٠٢٣) پێکهێنراوە لەگەڵ لیژنەی باڵای پەرەپێدانی پیشەسازی دەرمانسازی، و گرتنەوەی نوێنەرانی هەر یەک لە؛ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، دەستەی گومرگ، و نوێنەرێکی سەندیکای دەرمانسازان لەو تێکەڵکردنەدا".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە چوارچێوەی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و سەپاندنی ڕێکاری خۆپارێزی بەرامبەر هاوردەکراوی بەرهەمی غازی ئۆکسجینی پزیشکی و پیشەسازی (باری غازی و شل)، ئەنجومەن بڕیاریدا بە سەپاندنی ڕەسمی گومرگی زیادە بە بڕی (٤٠٪) لەسەر یەکەی پێوانەی بەرهەمی ناوبراو کە لە هەموو وڵاتانەوە هاوردەی عێراق دەکرێت، بۆ ماوەی ٤ ساڵ".
ههروهها ئهوهیش هاتووه كه، "ئەنجومەن لە هەمان ڕێڕەودا بڕیاریدا بە سەپاندنی ڕەسمی گومرگی زیادە بە بڕی (٣٠٪) لەسەر یەکەی پێوانەی بەرهەمی ماست و شیری شل کە لە هەموو وڵاتانەوە هاوردەی عێراق دەکرێت؛ بە مەبەستی پاراستنی پیشەسازییە خۆراکییە ناوخۆییەکان، بە مەرجێک ئەم بڕیار و ڕێکارانە دوای ١٢٠ ڕۆژ لە دەرچوونیان جێبەجێ بکرێن".
هەر لە راگهیندراوهكه هاتووە، "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دەرەوە بۆ واژۆکردنی پڕۆژەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پلانی داخستنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق/ یۆنامی، و پێداویستییە ئەمنییە گواستراوەکان، سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە نێردەکە لە بەغداد بەکاری دەهێنێت و پەیوەستەکانی بەکارهێنانی".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ناو ئەو ڕێکارانەی پاڵپشتی بەردەوامبوون لە پڕۆژەکانی شاری ئابووری دەکەن، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕێگەدان بە کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بۆ فرۆشتن لەسەر نەخشە، بە مەرجێک هەژمارێکی بانکیی گەرەنتی بکرێتەوە و پارەی فرۆشتنەکانی تێدا دابنرێت، و خەرج نەکرێت تەنها بۆ مەبەستی پڕۆژەکە نەبێت و بە پشتگیری ڕاوێژکاری دەستنیشانکراو لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی پەیوەندیدار بێت، هەروەها دەستەی وەبەرهێنانی پەیوەندیدار مۆڵەتی وەبەرهێنان دەدات بە مەرجی پێشکەشکردنی پلانی دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکە کە پەیوەست بێت بە گەرەنتی لایەنی دابینکەری دارایی و لە دامەزراوەیەکی دارایی باوەڕپێکراو بێت، و دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان ئەو ڕەزامەندییە کەرتییانە پەسەند بکات کە بۆ یەک هەلی وەبەرهێنان دەرچوون ئەگەر بۆ تەواوی شارەکە خۆی بێت".
بەپێی راگهیندراوهكه ، ئەنجومەن بەدواداچوونی کرد بۆ "تەواوکردنی پڕۆژە پەککەوتووەکان و کۆتاییهێنان بە پڕۆژەکانی ژێرخان، کە تێیدا بڕیاریدا بە زیادکردنی تێچووی گشتی و بڕی یەدەگی بۆ ئەم پڕۆژانەی خوارەوە:
• پڕۆژەی (نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فێرکاری ئەلزەهرا لەگەڵ دابینکردنی وێستگەی چارەسەری نەخۆشخانەی سەدر).
• پێکهاتەی (نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی شەقامی تهربییه کە لە ناو پڕۆژەی (نۆژەنکردنەوە و تهنمیه شەقامە ناوخۆییەکان لە سەرتاسەری پارێزگای سەڵاحەدین لە قەزاکانی تکریت، ئیسحاقی، بێجی، شەرگات و دوجێل)دا هاتووە.
• پڕۆژەی بەڵیندەرایەتی (دابینکردن، جێبەجێکردن، بەگەڕخستن و چاککردنەوەی پڕۆژەی ئاوەڕۆی تۆڕەکانی ئاوی باران و تۆڕەکانی ئاوهڕوو لەگەڵ وێستگەکانی بەرزکردنەوە و وێستگەی چارەسەری بۆ شاری هێت لە پارێزگای ئەنبار)".
