عێراق... پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بەرزببنەوە، کەشوهەوا لە نێوان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت
ئەمرۆ یەک شەممە،دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند کە لە سبەی دووشەممەوە پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و ئاسمان بە گشتی بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی کەشناسی کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە،تیایدا هاتووە : بەپێی پێشبینییەکان، بەرزترین پلەی گەرما بۆ سبەی لە دهۆک و سلێمانی 10 پلە دەبێت،و لە هەولێر،و نەینەوا و ئەنبار دەگاتە 12 پلە و لە سەڵاحەدین 13 پلە ،هەروەک لە پارێزگاکانی کەرکوک،و دیالە و کەربەلا پلەی گەرما دەگاتە 14 پلە، و لە هەریەکە لە بەغدا،و نەجەف،و واست،و دیوانییە و موسەنا پلەی گەرما 15 پلە دەبێت،و پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگاکانی بابل،و میسان،و زیقار و بەسرە بگاتە 16 پلەی سیلیزی.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : بۆ ڕۆژانی دواتریش، کە پێشبینی دەکرێت،ڕۆژی سێشەممە پلەکانی گەرما کەمێکی تر بەرز ببنەوە و کەشوهەوا لە نێوان ساماڵ و نیمچە هەوردا بێت،بەڵام بۆ ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش بە جێگیری لە ئاستی ڕۆژانی پێشتردا دەبن.
