هەرێم: بەغدا تەنیا 40%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی ناردووە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، حکومەتی فیدراڵیی عێراق تەنیا 40%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 58.3 تریلیۆن دینار بووە، ناردووە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێنی گەورەی دارایی و گەمارۆی وەبەرهێنان لە هەرێم.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، و 2025 لە 21ـی حوزەیرانی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان دوای گفتوگۆی زۆر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دیاریکرا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە جیاوازیی گەورە هەیە لەنێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێم و ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە لە سێ ساڵی ڕابردوودا خەرج کراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، کۆی شایستە داراییەکانی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 تریلیۆن دینار، بەڵام تەنها 24.3 تریلیۆن دینار (کە دەکاتە نزیکەی 41%ی مافە داراییەکان و 3.9%ی کۆی بودجەی عێراق) بۆ هەرێم نێردراوە.
