دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبارێك دەركرد
دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەو كەسە دەركرد كە شۆفێری تەكسی (ئومێد عەلی مستەفا)ی كوشت، كە ساڵی پار تەرمەكەی لەناو سندوقی تەكسییەكەیدا لە ناوچەی هوانە دۆزرایەوە.
دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بكوژی شۆفێری تەكسی (ئومێد عەلی مستەفا) دەركرد، كە ساڵی پار لەناوچەی هوانە تەرمەكەی لەناو سندوقی تەكسییەكەیدا دۆزرایەوە.
بكوژەكە لە دادگا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و ڕایگەیاندووە كە بەهۆی دۆڕاندنی بڕێكی زۆر پارە لە قوماردا و بۆ دانەوەی قەرزەكانی، ویستوویەتی ئۆتۆمبێلەكەی ئومێد عەلی بدزێت و بیفرۆشێت.
تەرمی ئومێد عەلی مستەفا لە ڕۆژی 11ی كانوونی یەكەمی 2024، لەسەر ڕێگەی عەربەت - سلێمانی لە ناوچەی هوانە دۆزرایەوە.
دوو ڕۆژ دواتر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند كە دوو تۆمەتباریان دەستگیر كردووە، یەكێكیان بە ناوی (ی، ك، ن) تەمەن 22 ساڵ و هاوكارەكەی بە ناوی (ز، ج، ح) تەمەن 31 ساڵ، بە تۆمەتی كوشتنی ئومێد عەلی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایش، تۆمەتباری سەرەكی بە چەكی جۆری دەمانچە بە چوار گولـلە لە نزیك گوندی گڵەزەردە هاووڵاتییەكەی كوشتووە و دواتر تەرمەكەی لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلەكەیدا داناوە و ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر ڕێگەی سلێمانی - عەربەت بەجێهێشتووە و هەڵهاتووە.
