سودانی: بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سنووردارکردنی چەک
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی لەسەر بەردەوامبوونی کارەکان کردەوە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی پاراستنی ئاسایش و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
سودانی لە پۆستێکدا لە پێگهی (X) کە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع بڵاویكردهوهتهوه تێیدا، ڕایگەیاند: "لە ١٠٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقدا، سڵاو بۆ ڕۆڵەکانمان لە هێزە چەکدارەکان دەنێرین، و بە شکۆ و پێزانینەوە لەبەردەم قوربانییەکانی شەهیدان و بریندارە قارەمانەکاندا دەوەستین کە بەرگرییان لە عێراق و سەروەری و خاکەکەی کرد، و جەخت لە پەرۆشی حکومەت دەکەینەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێزەکانمان بە چەک و کەرەستەی پێشکەوتوو و نوێ."
هەروەها وتیشی: "بەو بەڵێنەی بە خۆمانمان دابوو هەنگاومان نا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری تەواو بۆ عێراق و کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، و بە فەزڵی ئەو سەقامگیرییەی عێراق تێیدایە، بە هەنگاوی دڵنیایەوە جوڵاین بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی). بەردەوامیش دەبین لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی پاراستنی ئاسایش و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، وەک جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و هاوتەریب لەگەڵ داواکارییەکەی مەرجەعیەتی باڵا."
