تیروپشکی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا راکێشرا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تیروپشکی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیای راکێشا و لەو قۆناغەدا یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی رایسینگ سانتاندێر دەبێتەوە.
لە هەمان قۆناغ یانەی ریاڵ مەدرید لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ئەلباسێتی، ئەتلەتیکۆ مەدرید بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکرۆنا یارییدەکات، ئەتلەتیک بلباویش دەبێتە میوانی لیۆنیسا.
لە یارییەکانی تریشدا، هەردوو یانەی ڤالانسیا و ریاڵ بێتیس بەرامبەر بورگۆس و ئێلچی یارییدەکەن، یانەکانی ریاڵ سۆسیداد و ئالاڤێس میوانداری ئۆساسۆنا و رایۆ ڤاییکانۆ دەکەن.
بڕیارە یارییەکانی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا لە 13 و 14 و 15ی ئەم مانگە بەڕێوەبچن بە شێوازی یەک یاریی، هەر یانەیەک بردنەوە بەدەستبهێنێت گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر دەکات.
لەم قۆناغەدا ئەگەر یارییەک لە دوو تایمی یاساییدا بە یەکسانبوون کۆتاییهات ئەوا ناچێتە دوو تایمی زیادکراو بەڵکو راستەوخۆ لێدانە یەکلاکەرەوەکان جێبەجێ دەکرێن بۆ دیاریکردنی ئەو یانەیەی دەگاتە قۆناغی داهاتوو.
