كارەبای هەرێم ڕونكردنەوە لەبارەی پچڕانی کارەباوە دەدات
دوای ئەوەی ئەمشەو كارەبای نیشتمیانی لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بچڕا، وەزارەتی كارەبا هۆكارەكەی بۆ "باران و ڕەشەبای بەهێز" گەڕاندوەتەوە و دەڵێت، "ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ دایە و لە چەند کاتژمێری داهاتودا سەرجەم گرفتەکانی چارەسەر دەکەن".
وەزارەتی کارەبای حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی باران و ڕەشەبای بەهێزەوە کە زیانی بە تۆڕەکانی کارەبای نیشتیمانی گەیاند، ئەمشەو کاتژمێر 8:00، گرفتی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دروستبو.
وەزارەتی كارەبا دەشڵێت، "ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ دایە و تیمەکانی وەزارەتی کارەبا لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتودا سەرجەم گرفتەکانی چارەسەر دەکەن".
ئەوە لەكاتێكدایە دو ڕۆژ پێش ئێستاش گرفتی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دروستبو كە وەزارەتی كارەبا هۆكارەكەی بۆ "کێشەیەکی تەکنیکی لە تۆڕی کارەبا"ـدا گەڕاندەوە و دواتر گرفتەکان چارەسەر كران.
