تۆم باراک: دەبێت کورد و هەموو پێکهاتەکان لە سوریا بە رێز و شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت
نێردەی دۆناڵد ترەمپ وتەیەکی سەرۆکی ئەمریکا دوپاتدەکاتەوە کە دەبێت کورد و هەموو پێکهاتەکان لە سوریا بە رێز و شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و رایگەیاند "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی حەلەب و نەخشەڕێگەی داهاتووە".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا پەیامەکەی ترەمپی گەیاندووە و دەڵێت "سەرۆک ترەمپ ئەم ساتەوەختە وەک دەرفەتێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت بۆ نیشتمانێکی یەکگرتوو کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان، لەوانە عەرەب، کورد، درووز، کریستیان، عەلەوی، تورکمان، ئاشووری و پێکهاتەکانی دیکە، بە رێز و شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافی بەشداریی راستەقینەیان لە حوکمڕانیدا هەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دەربڕیوە بەمەبەستی "دانی دەرفەتێک بە سوریا" بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.
تۆم باراک نیگەرانیی قوڵی ئەمریکای بەرامبەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب دەربڕی و وتی "ئەو پێشهاتانە وا دەردەکەوێت گەنگەشەی مەرجەکانی رێککەوتنامەی ئاداری 2025 بکەن، کە جێگەی نیگەرانییە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆداگرتنی تەواو بنوێنن و دەستبەجێ کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان بهێنن".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئامادەیی تیمی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پیشاندا بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە، بە ئامانجی پێشخستنی پرۆسەیەکی یەکگرتنی گشتگیر کە تێیدا "تاکە سوپایەکی نیشتمانیی شەرعی" هەبێت و مافەکانی کورد بپارێزرێت.
هەروەها باراک ئاماژەی بە رۆڵی هەسەدە لە تێکشکاندنی داعش کرد و رایگەیاند، "قوربانییەکانیان رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەردەوام دژی تیرۆر".
هەروەها لەبەرامبەردا حکومەتی سوریاش لەو کۆبوونەوەیەدا پابەندیی خۆی بە رێککەوتنامەی یەکگرتنی ئاداری 2025 لەگەڵ هەسەدە دووپاتکردووەتەوە.
