پەروەردە: ڕاسپاردەکانی پەرلەمان سەبارەت بە باشترکردنی کۆنمرە و کۆششەکان دەخرێتە بەردەم دەستەی ڕاوێژکاری
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی پەروەردە،جەختی کردەوە لەسەر نیازی خۆی بۆ خستنەڕووی ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە کارکردنەوە بە هەردوو سیستەمی باشترکردنی کۆنمرە (تحسين المعدل) و سیستەمی هەوڵدان (المحاولات) بۆ قوتابیانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی واتا پۆلی (دوانزە)، لەبەردەم دەستەی ڕاوێژکاریی (هيئة الرأي) وەزارەتدا.
لەو بارەیەوە "کەریم سەید" وتەبێژی وەزارەت لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووه ڕایگەیاند: ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە کارکردنەوە بە سیستەمی باشترکردنی کۆنمرە و گرتنەبەری سیستەمی هەوڵەکان (المحاولات) بۆ قوتابیانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی، دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆی دەستەی ڕاوێژکاری لە وەزارەتی پەروەردە بە مەبەستی تاوتوێکردن و دەرکردنی بڕیاری گونجاو لەبارەیانەوە.
پێشتر ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارێکدا داوای کارکردنەوە بە سیستەمی باشترکردنی کۆنمرە و سیستەمی هەوڵەکانی (المحاولات) بۆ قوتابیانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی کردبوو.
ناوەڕۆکی بڕیارە پەرلەمانییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگە بدرێت بە قوتابیانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە، ئەوانەی لە یەک یان دوو یان سێ وانەدا لە ساڵی خوێندنی 2024-2025 کەوتوون (لە خوێندنی بەیانیان، ئێواران و دەرەکی)، دەوام بکەن و تاقیکردنەوەکان بەپێی سیستەمی "هەوڵەکان" (المحاولات) ئەنجام بدەن.
