حکومەت ئەولەویەتەکانی کەرتی کارەبا دووپات دەکاتەوە و تاوتوێی بودجەی بەکاربردن بۆ ساڵی 2026 دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە"تەیف سامی"وەزیری دارایی،جەختی کردەوە کە حکومەت لە گرنگی کەرتی کارەبا تێدەگات چونکە یەکێکە لە ئەولەویەتە (لەپێشینە) سەرەکییەکان.
لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی "زیاد عەلی فازل" وەزیری کارەبا،کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە،تیایدا هاتووە: "زیاد عەلی فازڵ" وەزیری کارەبا،لەگەڵ "تەیف سامی" وەزیری دارایی، بودجەی کارپێکردنی ساڵی 2026ی کەرتی وزەی کارەبایان تاوتوێ کرد،بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و ژمارەیەک بەرپرسی هەردوو وەزارەتەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی بودجەی تایبەت بە چاککردنەوە و بەردەوامبوونی کارەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، جگە لە کەرتەکانی گواستنەوە و دابەشکردن، هەروەها تێچووی ئەو سووتەمەنییەی بۆ کارپێکردنی وێستگەکان پێویستە تاوتوێ کرا، بەو ئامانجەی ببێتە هۆی جێگیربوونی دابینکردنی وزە و باشترکردنی ئەدا لەم ساڵەدا.
بەگوێرەی ناوەرۆکی راگەیەندراوەکە : وەزیری کارەبا جەختی کردەوە کە دابینکردنی بودجەیەکی جێگیر بۆ کارپێکردن، بۆ زامنکردنی بەردەوامیی کارەکانی سیستەمی کارەبا و باشترکردنی ئاستی دابینکردنی وزە پێویستە و ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزارەت بەپێی پلانێکی تەکنیکی و کارپێکردنی ڕوون کار دەکات کە پێویستی بە پشتگیرییەکی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تووشی هیچ جۆرە گرفت و قەیرانێک نەبێت.
لای خۆیەوە،وەزیری دارایی بایەخ و گرنگیی کەرتی کارەبای خستە ڕوو و جەختی کردەوە لەسەر تێگەیشتنی حکومەت بۆ پێویستی گرنگیدان بەم کەرتە، چونکە یەکێکە لە ئەولەویەتە سەرەکییەکان و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە.
