دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم: مەلا مەزهەر بێڕێزی بە ئافرەتان كردوە و ڕوبەڕوی یاسای دەكەینەوە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، مەلا مەزهەر تاهیر بێڕێزییەکی زۆری بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت كردوە، ئەوەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە، بۆیە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو ڕوبەڕوی یاسا دەکەنەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەداخەوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر، بە ناوی "مەلا مەزهەر تاهیر"، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردوەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات. ناوبراو لە ڕوانگەیەکی تەسکەوە ڕۆڵی ئافرەتی کەمکردوەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردوە کە ئەرکەکەی تەنها لە ماڵەوەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو وتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئایینەکانە، و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو ڕوبەڕوی یاسا دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی وتەکانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی 14ـی دەستوری عێراقە کە ئەم ماددەیە بەڕونی باس لە ئەوە دەکات کە یەکسانی هەیە لەبەینی ژن و پیاو.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ باسی لەوەشكرد، "هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە".
دەشڵێت، "بەوتدی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و سەركۆنەی دەکەین، بە ڕێزەوەش ڕۆڵی ژنان سەیر دەکەین و بەرز دەنرخێنین".
ئەوەی لەكاتێكدا لە شەڕی چوار ڕۆژەی هێزەكانی ئاسایشی حەلەب و گروپەكانی سەر بە دیمەشق، ژنە شەڕڤانێك لەلایەن گروپەكانی دیمەشقەوە دەكوژرێت و دواتر لە باڵەخانەیەكەوە تەرمەكەی فڕێدەدرێتە خوارەوە ئەوەش كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە. بەڵام مەلا مەزهەر لە لێدوانێكدا هێرشیكردە سەر شەرڤانانی ژن و پێی وابو، كە "ژن دەبێت لەماڵەوەبێت و خزمەتی پیاو بكات".
