دۆسیەی لاهور جەنگی بورهان لە سلێمانی دەمێنێتەوە و ناگوازرێتەوە بۆ هەولێر
میدیای فەرمی یەکێتی رایدەگەیەنێت، خودی لاهور جەنگی بورهان و تۆمەتبارانی دیکەش، هەر لە سلێمانی دەمێننەوە و تەنیا دۆسیەکەیان بۆ وردبینیی تەمیزی، دەڕواتە هەولێر، بەپێی یاسا بەرکارەکانیش، هەر تاوانێک لە ناوچەیەک رووبدات، دەبێت تۆمەتباران لە هەمان دادگای ئەو شوێنەی تاوانەکەی تێدا ئەنجامدراوە، دادگایی بکرێن بەپێی تایبەتمەندیی سنووری رووداوەکە.
میدیای فەرمی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ تۆمەتباران بەمەبەستی دادگاییكردن بەپێی ماددەی 58 لە یاسای سزادانی عێراقی برانە بەردەم دادگا، كە پەیوەستە بە (ئیتفاقی جینائی) رێككەوتنی تاوانكاری، لەسەر داوای پارێزەرانی تۆمەتبار (لاهور جەنگی بورهان و هاوەڵەكانی) كە داواكەیان ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی (تەمیز) هەرێمی کوردستان كردبوو و داوای پێداچوونەوەیان لەو دۆسیە كردبوو، لە بەرامبەردا بەمەبەستی وردبینی، دادگای تاوانەكانی سلێمانی دۆسیەكەی رەوانەی دادگای تەمیزی هەولێر كرد، تەنیا بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا دراون.
سەرچاوەكە یاساییەکە رەتیشیكردەوە، دۆسیەكە بەمەبەستی بڕیاردان و لێکۆڵینەوە، رەوانەی هەولێر كرابێت و رایگەیاند، تەنیا بۆ پێداچوونەوە رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی (تەمیز) هەولێر كراوە. کە ئەمەش لە رووی یاساییەوە ئاساییە و بۆ هەموو کەیسێک دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، جگە لەم دۆسیەیە، تۆمەتبار (لاهور جەنگی بورهان و تۆمەتبارانی هاوەڵی)، بە دۆسیەیەكی دیکە تۆمەتبارن بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست لە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە شادومان مەلا حەسەن ئەندامی باڵای بەرەی گەل بۆ میدیاى نزیك لهپارتى وتویهتى، "دادگاى سلێمانى، بڕیاریداوه، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی، بگوازرێتەوە هەولێر".
