ڕێنمایی نوێی حکومەت بۆ ڕێکخستنی باج وزەی کارەبا و پەیڕەکردنی پێوەری زیرەک
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێنماییدا بەدواداچوون بۆ هەڵمەتەکانی دانانی پێوەری زیرەکی تایبەت بە وزەی کارەبا بکرێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە بەدواداچوونی دۆسیەی کۆکردنەوەی داها لە کەرتی وزەی کارەبا و ئەو ڕێکارانەی لەو بارەیەوە گیراونەتەبەر. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بریکارانی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیاکانی دابەشکردنی (بەغدا، ناوەڕاست، فوراتی ناوەڕاست، باشوور، باکوور) و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی کەرتی کارەبا بەڕێوەچوو."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە دۆسیەی کۆکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون خرایەڕوو، لەگەڵ ئەو گەشەسەندنە ئەرێنییەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەدیهاتووە لە بڕی کۆکردنەوەی پارەی ئەو وزەیەی بە فعلی بەکارهاتووە، هەروەها بەرەوپێشچوون لە چارەسەرکردنی بەفیڕۆچوون و لابردنی سەرپێچییەکان لەسەر تۆڕی نیشتمانی."
بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران لە میانی کۆبوونەوەکەدا ڕێنماییدا بە "بەدواداچوون بۆ هەڵمەتەکانی دانانی پێوەرەکان و جەختکردنەوە لەسەر دانانی پێوەری زیرەک و وازهێنان لە پێوەرە کۆنەکان"، هەروەها ڕێنماییدا بە "تەواوکردنی کۆنتڕۆڵکردنی لۆدەكانی کارەبا لە هەموو پارێزگاکان و لە سەنتەرە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانەوە."
سودانی جەختیکردەوە: لەسەر "پێویستی جیاکاری لە کۆکردنەوەی پارەی کارەبا بەپێی ئەو پێوەرانەی لە یاسا و ڕێنماییەکاندا دیاریکراون، چ وەک بەکارهێنانی بازرگانی، نیشتەجێبوون، پیشەسازی یان حکومی"، هەروەها ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن دراون، بەو شێوەیەی خزمەتگوزارییەکان بەباشی بگەنە هاووڵاتییان.
