عێراق و ئەمریکا پابەندبوونی خۆیان بە پتەوکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی هەرێمەکە دووپات دەکەنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ جۆشوا هاریس کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، جەختیان لەسەر کارکردن بۆ پێشخستنی زمانی دیالۆگ لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا کردەوە بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە دیدارەکەدا باس لە ئاسۆکانی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە هەموو بوارەکاندا کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و گەشەپێدان، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست بکات."
هەروەها هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خرانەڕوو، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە بەردەوامەکان، و کارکردن بۆ پێشخستنی زمانی دیالۆگ لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا."
