شێخ حەموودی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا: بەهێزی و سەقامگیری عێراق پێویستییەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە، شێخ هومام حەموودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، بە عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراقی ڕاگەیاند، بەهێزی و سەقامگیری عێراق پێویستییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی شێخ حەموودی لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق شێخ هومام حەموودی، پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق عیرفان سدیق کرد و پێکەوە پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی و دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتیان دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو تاوتوێ کرد."
بەگوێرەی بەیاننامەکە، شێخ هومام حەموودی جەختیکردەوە: "قۆناغی داهاتوو پێویستی بە ئامادەکردنی بەرنامەیەکی حکومی واقیعی هەیە کە کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکات و وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەل بێت"، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە "بەهێزی و سەقامگیری عێراق پێویستییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد: "پێگەی جوگرافیی عێراق دەرفەتێکی بێوێنەی پێ دەبەخشێت بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە برەودان بە گفتوگۆ و بنیاتنانی ئاشتی"، داواشی کرد "هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕبکرێنەوە بۆ سوودوەرگرتن لەم تایبەتمەندییە لەپێناو نەخشاندنی هاوکێشەی هاوسەنگتر لە ناوچەکەدا."
