مەزارگەی پیرۆزی کازمییە بەشداریی زیاتر لە ١٥ ملیۆن زیارەتکاری لە زیارەتی ڕەجەبییەدا ڕاگەیاند
ئەمیندارێتی گشتیی مەزارگەی پیرۆزی کازمییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشداریی زیاتر لە ١٥ ملیۆن زیارەتکاری لە زیارەتی ڕەجەبییەدا ڕاگەیاند.
حەیدەر عەبدولئەمیر مەهدی، ئەمینداری گشتیی مەزارگەی پیرۆزی کازمییە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: تەواوی ستافە کارگێڕی، ئەمنی، تەکنیکی، ڕێکخستن، خزمەتگوزاری، ڕاگەیاندن و کولتوورییەکان بۆ پێشوازیکردن لە جەماوەرە میلیۆنییەکە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵە دڵسۆزانەکان یەکخراون بۆ دابینکردنی کەشێکی گونجاو و ئاسانکاری لە هاتوچۆی زیارەتکاران لە ماوەی چەند ڕۆژی یەک لەدوای یەکدا.
مەهدی ڕوونیشیکردەوە کە "مەزارگاکە ٥٦٠٠ خۆبەخشی بۆ پشتگیریکردنی ستافەکانی بەشدار پێکردووە، لە کاتێکدا زیارەتەکە ڕووماڵێکی فراوانی ڕاگەیاندنی بەخۆیەوە بینی بە بەشداریی ٤٦ کەناڵی ئاسمانی و دامەزراوەی میدیایی و ٣٢٠ ڕاگەیاندنکار، ئاماژەی بەوەش دا کە مەزارگاکە سەدان تۆن ماددەی خۆراکی و ئاوی خواردنەوە و غازی شلی دابەشکردووە، جیا لە بەشداریی سەدان ئۆتۆمبێل لە پڕۆسەی گواستنەوەی زیارەتکاراندا.
وتیشی کە مەزارگاکە چاودێریی تەندروستیی پێویستی دابین کردووە و چارەسەری بۆ زیاتر لە ٨٦ هەزار حاڵەتی پزیشکی کردووە، لەگەڵ تەرخانکردنی زیاتر لە ٥٠٠ ئامێری خزمەتگوزاریی سەر بە مەزارگاکە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مەیدانییەکان، هەروەها سوپاس و پێزانینی زۆری ئاراستەی مەزارگە و ئاستانە شیعەکان و دیوانی وەقفی شیعی و نوێنەرایەتیی مەرجەعییەت و دانیشتووانی کازمەیە و مەوکەبە حسێنییەکان کرد بۆ ئەو هەوڵە نائاساییانەی دایان.
مەهدی لە کۆتاییدا هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانیان و دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەت و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی بەرز نرخاند، جگە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەناڵە ئاسمانییەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ کە ئەم ڕووداوە میلیۆنییەیان بەوپەڕی دەسپاکی و بێلایەنییەوە گواستەوە.
