عێراق بەکارهێنانی خاک و کایە و ئاوەکانی بۆ بەئامانجگرتنی هەر وڵاتێک ڕەتدەکاتەوە
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵوێستی ڕەتکراوی عێراق بۆ بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هەر کردارێک کە هەر وڵاتێک بکاتە ئامانج،دووپاتکردەوە.
نوعمان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: لە سایەی پەرەسەندنە خێرا ناوچەییەکان و ئەو گرژی و هەڕەشانەی هاوەڵیانن و کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە هەیە، کۆماری عێراق جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و بنەڕەتیی خۆی دەکاتەوە لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاک، ئاسمان، یان ئاوە هەرێمییەکانی وەک دەستپێک بۆ هەر کارێکی سەربازی کە هەر وڵاتێک بکاتە ئامانج."
وتیشی: ئەم هەڵوێستە پشت بە حوکمەکانی دەستووری عێراق و سیاسەتی حکومەت دەبەستێت کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆییان دامەزراوە؛ ڕوونیشیکردەوە کە عێراق پابەندبوونی تەواوی هەیە بە ڕێگریکردن لەوەی خاکەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی هەموو وڵاتانی دراوسێ، یان تێوەگلانی لە ململانێگەلێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی ناکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد: حکومەتی عێراق داواکارییەکەی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان نوێ دەکاتەوە بۆ دانبەخۆداگرتن و پێشخستنی زمانی گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن و کارکردنی جیددی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە هۆکارە ئاشتییانە و دیپلۆماسییەکان، بە جۆرێک کە لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بگونجێت و ناوچەکە لە گرژی و ناسەقامگیریی زیاتر دووربخاتەوە
