ڕۆیتەرز: ئاستی هۆشداریی ئەمنی لە بنكەی سەربازی عودەید لە قەتەر کەمکرایەوە
ئاژانسی ڕۆیتەزر بڵاویكردەوە، ئاستی هۆشداریی ئەمنی لە بنکەی ئاسمانیی "عودەید"ی ئەمریکی لە قەتەر کەمکرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ ئاستەکە بەرزکرابوەوە و ڕێکارەکان توندکرابون، لەگەڵیشیدا داوا لە ژماریەك كارمەندی ئەمریكی كرابو ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.
سێ سەرچاوەی ئاگادار ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندوە، ئاستی هۆشداریی ئەمنی لە بنکەی ئاسمانیی "عودەید"ی کەمکرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ ئاستەکە بەرزکرابوەوە و ڕێکارەکان توندکرابون.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەو فڕۆکە ئەمریکییانەی دوێنێ چوارشەممە بنکەکەیان بەجێهێشتووە، بە شێوەیەکی پلەبەندی دەگەڕێنەوە بۆ بنکەکە. لەكاتێكدا بنکەی عودەید گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکەی 10 هەزار سەربازی تێدایە.
دو سەرچاوەکەی دیکە کە دو دیپلۆماتکار بون و مەرجی ئەوەیان هەبوە ناویان بڵاونەکرێتەوە، ڕایانگەیاندوە کە ڕێگە بەو کارمەندانەش دراوەتەوە بگەڕێنەوە کە دوێنێ چوارشەممە ئامۆژگاری کرابون بنکەکە جێبهێڵن.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) ڕۆژی چوارشەممە دەستیکردوە بە گواستنەوەی هەندێک لە کارمەندەکانی لەو بنکەیە "بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریكا و ئێران وەک دەرئەنجامی شاڵاوی حکومەتی ئێران دژی خۆپیشاندەران".
لەلایەکی دیکەوە، قەتەر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختیکردەوە کە "گرتنەبەری ئەم جۆرە ڕێکارانە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گرژییانەدایە کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت".
ڕۆژی چوارشەممە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەستیکردبو بە گواستنەوەی ژمارەیەک لە کارمەندە "نا-سەرەکییەکان" لە بنکەی عودەید؛ ئەم هەنگاوەش نیشاندەری هەڵکشانی گرژییەکان بو لەگەڵ ئێران، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییە ئەگەرییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە لەسەر پاشخانی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران.
