سێ تۆمەتبار بەهۆی دەستکاری و ساختەکارییەوە لە سەڵاحەدین دەستگیرکران
دەستەی دەسپاکی، ئەمڕۆ هەینی، دەستگیرکردنی 3 تۆمەتباری بە تۆمەتی دەستکاری و ساختەکاری لە پارێزگای سەڵاحەدین ڕاگەیاند.
لە راگهیندراوێكدا دەستەی دەسپاکی کە دەست ئاژانسی موتەلع کەوتووە، تێیدا هاتووە: "تیمێکی کار لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین، دوای چوونیان بۆ دیوانی پارێزگا بە مەبەستی وردبینیکردنی دۆسیەی پڕۆژەکە و بەڵگەنامەی خەرجکردن، و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی ئەندامانی فەرمانگەی ئەندازیاری نیشتەجێ، توانییان دەستکاری لە ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا ئاشکرا بکەن، لەگەڵ ساختەکردنی واژۆی ئەندامانی فەرمانگەی ئەندازیاری نیشتەجێ و خەرجکردنی پێشینەیەک بە بڕی (901,081,000) دینار."
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "پرۆسەی خەرجکردنی پارەکە بەبێ جێبەجێکردنی کارەکانی پێشینەکە لەسەر زەوی واقیع ئەنجامدراوە"، ڕوونیشیکردەوە کە "تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە: فەرمانبەرێک لە ئەنجومەنی پارێزگا کە لە هەمان کاتدا سەرپەرشتیاری کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، لەگەڵ بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیاکە و بریکارێکی کۆمپانیاکە."
هەروەها هاتووە کە "دوای خستنەڕووی تۆمەتبارەکان بۆ بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین کە تایبەتە بە کێشەکانی دەسپاکی، بڕیاری ڕاگرتنیانی داوە بەپێی حوکمەکانی ماددەی (289/298) لە یاسای سزادان."
