گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 21 کەس و قەوارەدا سەپاند
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەر 21 کەس و قەوارەدا سەپاند، جگە لە دەستنیشانکردنی کەشتیهك بەهۆی ڕۆڵی لە دابینکردنی دارایی و پڕچەککردنی بزوتنەوەی ئەنسارالله (حوسییەکان).
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، "تۆڕە ئامانجدارەکان تێوەگلاون لە قاچاغچێتی نەوت و سپیکردنەوەی پارە و کڕینی چەک و کەرەستەی دوو بەکارهێنان، ئەو چالاکییانە بۆ دابینکردنی دارایی هێرشەکانی حوسییەکان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بەکاردەهێنرێن، لەوانەش هێرشکردنە سەر کەشتیوانی لە دەریای سوردا".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ساڵانە حوسییەکان زیاتر لە دو ملیار دۆلاریان لە فرۆشتنی نەوتی نایاسایی دەستدەکەوێت، کە لەلایەن کەناڵەکانی پەیوەست بە حکومەتی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
سزاکان کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی نەوت و دارایی و هەروەها تۆڕەکانی قاچاغی چەکیان کردوەته ئامانج، لەوانە هەوڵدان بۆ بەقاچاغبردنی موشەکی دژە تانک.
هەروەها ڕێوشوێنەکان کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و کاپتنەکانی کەشتییەکانیان کردە ئامانج کە دوای تەواوبونی مۆڵەتە مرۆییەکان بەردەوام بون لە گەیاندنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بەندەرەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان، ئەوەش پێشێلکردنی سنوردارکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیه كه وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکراوە.
حوسییەکان كه بزوتنەوەیهکی سیاسی ئایینین کە ناوچەی سعدە لە یەمەن بنکەی سەرەکییانە، ئەو بزوتنەوەیە لە ساڵی 1992 لەلایەن حوسێن حوسی لە دژی حکومەتی یەمەن دامەزراوە.
