عێراق وتورکیا جەخت لە گرنگی پشتیوانی سەقامگیری سیاسی و پتەوكردنی هاریكاری هەرێمایەتی دەکەنەوە
ئەمڕۆ شەممە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی و هاكان فیدان هاوتا توركەكەی، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا جەختیان لە گرنگی پشتیوانیكردن لە سەقامگیری سیاسی و پتەوكردنی هاوكارییەكانی هەرێمی كردەوە.
لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە : كە فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و ڕێگاكانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوێ كردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە : لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا باس لە دۆخی ناوچەكە كراوە، بەتایبەتی گرژییە بەردەوامەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و كاردانەوەكانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە: كە وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن لەگەڵ هاوتا توركەكەی تاوتوێی سەردانی داهاتووی خۆی بۆ تاران كردووە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە : كە هەردوولا پێداچوونەوەیان بە پرۆسەی سیاسی عێراق و دوایین پێشهاتەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی عێراق كردووە، جەختیشیان لە گرنگی پاڵپشتیكردنی سەقامگیری سیاسی و بەهێزكردنی هاوكارییە ناوچەییەكان بە شێوەیەك كردووە كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكە بكات.
