واشنتۆن داوا لە سووریا دەکات هێرشەکانى لە حەلەب و تەبقە ڕابگرێت
ئەدمیراڵ براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، داواى لە سوپاى عەرەبیى سووریا کرد هێرشەکانى لە ناوچەکانى نێوان حەلەب و تەبقە ڕابگرێت.
ئەدمیراڵ براد کۆپەر، لە ڕاگەیێنراوێکدا، پشتگیریی وڵاتەکەى بۆ هەوڵى هەموو لایەنەکان لە سووریا دووپاتکردەوە بە ئامانجى ڕێگری زیاتربوونى توندوتیژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە.
ئەدمیراڵ براد کۆپەر، دەڵێت "هانی هێزە حکومییەکانی سووریا دەدەین دەست لە هێرشەکان هەڵبگرن لەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان حەلەب و تەبقەوە".
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختیکردەوە، لەناوبردنی ڕێکخراوی داعش پێویستی بە فشاری سەربازیی هەماهەنگ هەیە لەنێوان هاوبەشە سوورییەکان و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
ئەدمیراڵ براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیى ئەمریکا دەشڵێت، "سەقامگیریی ناوچەکە پشت بە سووریایەکی ئارام لەناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکانیدا دەبەستێت".
