فوئاد حسێن بۆ پزیشکیان: ئاسایشی ناوچەکە بەیەکەوە بەستراوە و دابەش ناکرێت
ئەمرۆ یەکشەممە "فوئاد حسێن "جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ "مەسعوود پزیشکیان" سەرۆك کۆماری ئێران،جەختی کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بەیەکەوە بەستراوە و لێک دانەبڕاوە.
وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : "مەسعوود پزیشکیان"سەرۆک کۆماری ئێران، لە تارانی پایتەخت پێشوازی لە "فوئاد حسێن"جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا"فوئاد حسێن " سڵاوی "عەبدولەتیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆماری عێراق و "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆکوەزیرانی گەیاندە سەرۆککۆماری ئێران.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: سەرۆک "مەسعوود پزیشکیان" باسێکی لەو بارودۆخە کرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران تێیدا تێدەپەڕێت، ئاماژەی بە قووڵی پەیوەندییە برایانە و مێژووییەکانی نێوان عێراق و ئێران کرد، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە، بەهۆی ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی لەسەر ئاسایش و گەشەپێدانی ناوچەکە هەیەتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : لای خۆیەوە"فوئاد حسێن" جەختی کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بەیەکەوە بەستراوە و دابەش ناکرێت،هەروەک جەختیشی لەسەر پێویستی کاری هاوبەش کردەوە بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەقامگیر کە بەشدار بێت لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ گەلانی ناوچەکە، هەروەها پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیاسی ئێستای عێراقی خستەڕوو، بەتایبەتی نزیکبوونەوە لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.
