قوباد تاڵەبانی: یەکێتی پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و پێکهاتوو لە هەر یەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، خالید شوانی و یوسف گۆران، لە بەغدا بە جیا لەگەڵ عەبدولحوسێن مووسەوی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی و ئەحمەد ئەلئەسەدی سەرکردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە.
لە هەر دوو کۆبوونەوەکەدا کە ئەمرۆ یەک شەممە 25-1-2026 بەرێوەچوو ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دۆخی ئێستا عێراق و چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، وەفدی یەکێتی جەختیان کردەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە بتوانێت لەم دۆخەدا سەقامگیری عێراق بپارێزت و جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت.
روونیشیان کردەوە، یەکێتی پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور و بە پێویستیشی دەزانن هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدا بەهێزتر بکرێت و پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری عێراق و کوردستان.
