سەرچاوەیەک: عەبدولـلەتیف رەشید لە کاندیدبون بۆ سەرۆک کۆمار دەکشێتەوە
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بەغدا رایگەیاند، د. لەتیف رەشید لە کاندیدبون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکشێتەوە و لە ئێستادا نامەی پاشەکشەی نوسیوە.
سەرچاوەیەك لەلێدوانێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە رایگەیاند، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق کە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندیدکردوەتەوە، دەکشێتەوە و لە ئێستادا نامەی پاشەکشەی نوسیوە و پشتوانی لە نزار ئامێدی، کاندیدی فەرمی یەکێتی دەکات.
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری ئێستا، لەسەرەتای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن فۆڕمی کاندیدبونی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە بۆ خولی دوەم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و تاکەکەسی پێشکەش کرد، دور لە ڕەزامەندی یان کاندیدکردنی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە، بوەتە خاڵی ناکۆکییەکانی نێوان یەكێتی و پارتی، چونکە بەپێی عورفی سیاسی دوای 2003 ئەم پۆستە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوە، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵانێکە هەوڵدەدات ئەو قۆرخکارییە بشکێنێت و کاندیدێک لە ڕیزەکانی خۆی بخاتەڕو.
