ئەنجومەنی دادوەری: گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران
ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ دەستنیشانکردنی هەردوو سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی کردەوە.
لە راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەیانی ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی، دادوەر فایەق زێدان سازکرد. لە کۆبوونەوەکەدا یادی کۆچی دوایی (محەمەد عەبدولعەزیز حەسەن) جێگری داواکاری گشتی لە بارەگای داواکاری گشتی لە سەڵاحەدین بەرز ڕاگیرا، کە لە ڕێکەوتی ١٣ / ١ / ٢٠٢٦ کۆچی دوایی کردبوو.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: پلەی ژمارەیەک دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی بەرزکرایەوە و چەند پۆستێکی دادوەری بەخشران کە پێویست بوو لە هەندێک لە سەرۆکایەتییەکانی تێهەڵچوونەوەدا پەسەند بکرێن، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجومەنی دادوەری جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، داواشی لە هەموو پارت و هێزە سیاسییەکان کرد کە پابەند بن و ڕێز لەم وادانە بگرن و پێشێلی نەکەن، لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دیموکراتی بەپێی چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان و ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.
هەروەها راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجومەنەکە تاوتوێی ڕێکارەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کردووە کە لە بنکەکانی دەستبەسەرکردن لە سووریاوە بۆ فەرمانگەکانی چاکسازی لە عێراق گواستراونەتەوە.
