بارزانی و تۆم باراک پەیوەندییەكی تەلەفونیان ئەنجامدا
ئەمڕۆ هەینی ،مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و تۆم باراک نیردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سوریا ئەمڕۆ پەیوەندییەكی تەلەفونیان ئەنجامدا و هەردولا سوپاسی یەكدیانكرد و پشتوانیان لە ڕێككەوتنە نوێیەكی نێوان دیمەشق و هەسەدە كرد و جەختیان لە چەسپاندنی ئاشتی لە سوریادا كردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێكی بارەگای بارزانیدا هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ئەمریکاوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا خستویانەتەڕو. هەروەها رۆڵی بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە بەرز نرخاند.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و هەمو ئەو کەس و لایەنانەی کە رۆڵیان هەبوە لەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی. هەروەها بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ تۆم باراک هەبو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و سوریا بە تایبەتی هەیەتی.
سەبارەت بە بارودۆخی عێراقیش تۆم باراک داوای لە بارزانی کردوە کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت. هەروەها بارزانی جەختیکردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستور و پابەندبونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنوسی عێراق بدەن و سەروەری عێراق بپارێزن.
