فیدان: هه‌وڵده‌ده‌ین رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ قه‌یرانی ئێستای نێوان ئێران و ئه‌مریكا بدۆزینه‌وه
هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، هه‌وڵده‌ده‌ین رێگه چاره‌یه‌كی هه‌رێمی بۆ قه‌یرانی ئێستای نێوان ئێران و ئه‌مریكا بدۆزینه‌وه. عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش جه‌خت ده‌كاته‌وه كه دانوستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا ناكرێت.
هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له دوای كۆبونه‌وه‌ی نێوانیان له ئیستانبوڵ، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا.
هاكان فیدان له كۆنگره‌كه‌دا وتی، له گفتوگۆكانماندا له‌گه‌ڵ عراقچی، تاوتوێی په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كان كرا‌و هاوڕابوین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌قامگیریی ناوچه‌كه، گرنگترین شته بۆ هه‌ردولامان.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، گفتوگۆكانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی هه‌رێمییه بۆ ئه‌و گرژی و قه‌یرانه‌ی كه له‌نێوان ئه‌مریكاو ئێران‌دا هه‌یه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌ختیشی كرده‌وه كه پرسه‌كانی ئێران ده‌بێت له‌ناوخۆ چاره‌سه‌ربكرێن و نابێت ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی هه‌بێت.
وتیشی، هه‌وڵده‌ده‌ین په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ پێناسه‌بكرێنه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌ختیشی كرده‌وه كه توركیا دژی به‌كارهێنانی رێگه‌ی سه‌ربازییه و ئه‌نقه‌ره پشتیوانی له دانوستان و دیپلۆماسییه‌ت ده‌كات.
وتیشی، توركیا به‌دوای خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌یه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌رله‌وه له‌گه‌ڵ عه‌باس عراقچی كۆببێته‌وه، له‌گه‌ڵ ستیڤ ویتكۆف، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكادا گفتوگۆی كردوه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، توركیا به‌دوای ئه‌وه‌وه‌یه كه ناوچه‌كه جه‌نگێكی نوێ به‌خۆیه‌وه نه‌بینێت و وتیشی، نامانه‌وێت ئێران گۆشه‌گیر ببێت.
لای خۆشییه‌وه له كۆنگره‌كه‌دا، عه‌باس عراقچی وتی، سوپاسی توركیای كرد كه له‌میانی جه‌نگی 12 رۆژه‌و له‌ماوه‌ی روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا، هاوڕای ئێران بوه.
عراقچی وتیشی، ناسه‌قامگیری و جه‌نگ له وڵاتێكدا به‌مانای ناسه‌قامگیری و جه‌نگ له ته‌واو ناوچه‌كه‌یه.
ئه‌و جارێكی دیكه جه‌ختی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی به‌دوای به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمییه‌وه نییه‌و ئاماده‌شه بۆ به‌شداریكردن له دانوستانێكی دیپلۆماسی و مانادار‌و لۆژیكی و دادپه‌روه‌رانه‌دا.
عراقچی وتیشی، كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ دانوستاندا نییه به‌ڵام دانوستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا ناكرێت.
