نورەدین ئەحمەد: حکومەتی سووریا بە کاندیدکردنم بۆ پارێزگاری حەسەکە ڕازی بوو
حکومەتی سووریا ڕەزامەندی لەسەر کاندیدە کوردەکەی پۆستی پارێزگاری حەسەکە دا و بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا سەردانی دیمەشق بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوردەین ئەحمەد، کاندیدی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە بە ماڵپەڕی “نۆرس پرێس”ی ڕاگەیاند، حکومەتی سووریا ڕازی بووە بە پێشنیازکردنی بۆ پۆستی پارێزگار.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ شاندێکی سیاسیدا سەردانی دیمەشق دەکەن.
ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشقدا هات لە ڕۆژی هەینی واژۆ کرا و بڕیارە جگە لە پارێزگاری حەسەکە، جێگری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی دیکەش بە هەسەدە بدرێت.
نوردەین ئەحمەد کە بە ئەبو عومەر خانیکا ناسراوە، ساڵی 1969 لە قامیشلۆ لە دایکبووە و بروانامەی دیبلۆمی لە کۆلێژی هەندەسەی میکانیکی و کارەبایی لە زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە.
ساڵی 2014 وەک بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هەسەدە دەستبەکار بوو.
لە کاتی پەلامارەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی، کوڕێکی بە ناوی عومەر گیانی لەدەستدا.
