بڕیارە نوێیەکانى ترەمپ نرخی زێڕ دابەزاند
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەردەوام بوو لەو زنجیرە دابەزینەی کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، بە شێوەیەک نرخی هەر ئۆنسەیەک بۆ خوار ئاستی ٤٧٠٠ دۆلار پاشەکشەی کرد.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵوەرینە خێرایەی نرخی زێڕ، دەستنیشانکردنی "کێڤن وارش"ە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، وەک سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ یەدەگ).
وارش بەوە ناسراوە کە لایەنگرێکی سەرسەختی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و پەیڕەوکردنی "سیاسەتی تووندی نەختی"یە. ئەم جۆرە سیاسەتە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بەهای دۆلار، کە هەمیشە وەک ڕکابەرێکی سەرسەختی زێڕ دەبینرێت و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی کانزا گرانبەهاکان.
تەنیا هۆکاری سیاسی کاریگەری نەبووە، بەڵکو بڕیارێکی تەکنیکیی "گرووپی CME" (کۆمپانیای بەڕێوەبەری بۆرسەی شیکاگۆ) زەبرێکی تری لە نرخەکان وەشاند. کۆمپانیاکە بڕیاریداوە "مارجین" (ئەو بارمتە داراییەی بازرگانان بۆ مامەڵەکان دایدەنێن) لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەرز بکاتەوە.
ئەم بڕیارە کە لە دوای داخرانی بازاڕی ئەمڕۆ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وای کردووە زۆرێک لە بازرگانان کە توانای دابینکردنی ئەو پارە زیادەیەیان نییە، بە ناچاری گرێبەستەکانیان دابخەن و زێڕەکانیان بفرۆشن، ئەمەش توندترین فشاری فرۆشتنی دروست کردووە.
