سودانی فەرمانی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی باج دەکات کە ڕووبەڕووی کەرتی تایبەت دەبێتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی باج کرد کە ڕووبەڕووی کەرتی تایبەت دەبێتەوە تا یاسای بودجەی گشتی پەسەند دەکرێت
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا بۆ چاکسازی باج کرد، بە ئامادەبوونی بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی دەستەی باج و ستافە باڵاکانی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئابووری و دارایی.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی یەکخستنی ڕێکارەکانی ژمێریاری باج و دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمپانیاکان لە بواری باج کرا، جگە لە تاوتوێ کردنی وردی یاسای (ژمێریاری باج)، کە دەکەوێتە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی باجەوە کە حکومەت پەسەندی کردووە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پرسی یەکخستنی ڕێکارەکانی باج لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و پرسی دوو باجی ناوخۆ و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی یاسایی و ڕێکاری کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی تاوتوێ کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پرسی (خۆدزینەوە لە باج) تاوتوێ کرا و پێشنیاری یاسایی خرایەڕوو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بە ئامانجی هاوکاری و هاندانی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران بۆ گونجاندنی باری دارایی و یاسایی خۆیان، جگە لەوەش لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چارەسەرە یاساییە پێشنیار کراوەکان کرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە پەیوەندیدارانەی باج کە ڕووبەڕووی کەرتی تایبەت دەبنەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پابەندبوونی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە گرنگە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تۆکمەدا بۆ زیادکردنی داهاتی نا نەوتی، بەڕێزیان فەرمانی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی کرد پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت چارەسەری ئەو ئاستەنگانەی باج بکات کە ڕووبەڕووی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا عێراقییەکان دەبێتەوە، تاوەکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2026، هەروەها فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی (لە وەزارەتی دارایی و دەستەی باج) کرد بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ دەستەی باج لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ گەیشتن بە قۆناغە پێشکەوتووەکانی یەکخستنی ڕێکارەکانی باج.
