به‌فه‌رمی... نوره‌دین عیسا وه‌ك پارێزگاری حه‌سه‌كه دیاریكرا
نوره‌دین عیسا ئه‌حمه‌د ناسراو به ئه‌بو عومه‌ر خانیكا به‌فه‌رمی وه‌ك پارێزگاری حه‌سه‌كه دیاریكرا و له‌مه‌راسیمێكی جه‌ماوه‌ریشدا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێشوازی لێكرا.
نوره‌دین عیسا ئه‌حمه‌د ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له چوارڕانی حه‌مامه له حه‌سه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و له‌ئاستێكی جه‌ماوه‌ریدا پێشوازی لێكرا و وه‌ك پارێزگار كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی سوریاوه دانپێدانراوه ده‌ستبه‌كاربو.
نوره‌دین عیسا ئه‌حمه‌د له ساڵی 1969 له شاری قامیشلۆ له‌دایكبوه و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دیپلۆمی ئه‌ندازیاری میكانیكی و كاره‌بایه له زانكۆی دیمه‌شق. له ساڵی 1991 تا ساڵی 2012 وه‌ك ئه‌ندازیار له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان له حه‌سه‌كه و قامیشلۆ كاری كردوه، له دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی سوریا له كاره‌كه‌ی دورخرایه‌وه، به‌هۆی به‌شداریكردنی له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دژی ڕژێمی به‌عس، كه بوه هۆی گۆشه‌گیریی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ڕژێمه‌وه.
نوره‌دین عیسا ئه‌حمه‌د له سه‌ره‌تای شۆڕشی سوریاوه له بواری سه‌ربازی و به‌رگری له ناوچه‌كه‌دا كاریكردوه، یه‌كێك بوه له دامه‌زرێنه‌رانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له ئۆكتۆبه‌ری 2015 بوه‌ته به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی گشتیی هه‌سه‌ده بوه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هاوڵاتیانی حه‌سه‌كه بۆ پێشوازیكردن له نوره‌دین عیسا پارێزگاری شاره‌كه‌یان كۆبونه‌وه و پێشوازیان لێ‌كرد.
