لیڤەرپوڵ جێگرەوەی محەمەد سەڵاحی یەکلاکردەوە
لیڤەرپوڵ 87 ملیۆن پاوەند لە گواستنەوەی دیۆماندی خەرجدەکات تا بیکاتە شوێنگرەوەی محەمەد سەڵاح.
لە ماوەی رابردوودا، رۆژنامەکان بەردەوام باسیان لەوە دەکرد کە مانەوەی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسی لە یانەی لیڤەرپوڵ مسۆگەر نییە لە وەرزی داهاتوودا و ئەگەری زۆرە بچێتە خولی سعودیە.
دواتریش ئاماژەیان بەوەدا کە بەرپرسانی لیڤەرپوڵ چەند بژاردەیەکیان دیاریکردووە کە یەکێکیان بگوازنەوە تا بیکەنە شوێنگرەوەی ئەستێرە میسریەکە لە ئەگەری رۆیشتنیدا.
رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەڕیتانی ئاشكرایکردووە، یانە ئینگلیزیەکە زۆر سەرسامن بە ئاستی یان دیۆماندی هێرشبەری کۆتدیڤواری کە لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یارییدەکات.
ئەو رۆژنامەیە دڵنیاییداوە، لەوەی کە بەرپرسانی لیڤەرپوڵ رێککەوتنی زارەکیان لەگەڵ یاریزانەکە کردووە جگە لەوەش ئۆفەرێکیان بە بڕی 87 ملیۆن پاوەند ئامادەکردووە تا پێشکەشی لایپزیگی بکەن بەرامبەر فرۆشتنی ئەو یاریزانە پێیان.
دەشڵێت، دیۆماندی یەکێکە لە بەهرەمەندترین یاریزانەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا و چەندین یانەی گەورەش بەتایبەت یانەکانی پریمەر چاودێری دەکەن، لەبەرئەوە یانەی لیڤەرپوڵ دەیەوێت بە خێرایی ئەو بابەتە کۆتایی پێبهێنێت تا لە هاوینی ئەمساڵدا نرخەکەی زیاتر بەرز نەبێتەوە.
