ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ بانکی ناوەندی عێراق و پلانەکانی چاکسازی بانکی دووپات دەکاتەوە
عەلی موحسین ئیسماعیل عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، و جۆش هارس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری نەختینەیی لە عێراق کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: عەلی موحسین ئیسماعیل عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، پێشوازی لە جۆش هارس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد و تێیدا گفتوگۆ کرا دەربارەی ئاسۆکانی بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، و جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری نەختینەیی و ئابووری، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا بگونجێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هارس جەختی کردووەتەوە لەسەر پەرۆشیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، و پاڵپشتیکردنی هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی وڵات لە هەر هۆکارێک کە ببێتە هۆی شڵەژانی بارودۆخەکەی. هاوکات ستایشی ئەو پێشکەوتن و چاکسازییە گەورانەی کرد کە بانکی ناوەندی عێراق پەیڕەویان دەکات، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە نایاب و بەرهەمدارەکانی نێوان بانکەکە و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵی ئەمریکا کرد.
ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت: "پارێزگاری بانکی ناوەندی لای خۆیەوە سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی وەزارەتی خەزێنە و بانکی فیدراڵییەوە پێشکەشی دەکات، بەتایبەت لە میانی کۆبوونەوە وەرزییەکاندا. هاوکات پلانی چاکسازیی بانکی و ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی خستە ڕوو کە لە جێگیرکردنی پڕۆسەکانی حەواڵەی دەرەکی و ڕێکخستنی فرۆشتنی دۆلاردا بەپێی باشترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەدی هاتووە."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هارس ئامادەیی تەواوی نیشاندا بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی عێراق، بەو جۆرەی کە بتوانێت ئامانجەکانی لە بەهێزکردنی سەقامگیری دارایی و نەختینەییدا بەدی بهێنێت
