خالید شوانی وەزیری داد بەڕێوەبردنی وەزارەتی گواستنەوەی بە وەکالەت وەرگرت
خالید شوانی وەزیری داد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتی گواستنەوەی بە وەکالەت وەرگرت.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەدا کەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: وەزیری داد خالید شوانی، ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتی گواستنەوەی بە وەکالەت وەرگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی گەرەنتی بەردەوامبوونی کارەکان و بەدواداچوونی دۆسیە گرنگەکانی ناو وەزارەت.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: شوانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە تێیدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دۆخی کارەکان و میکانیزمی پەرەپێدانی ئاستی کارگێڕی، هەروەها بەدواداچوون کرا بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆژە ستراتیژییەکان و لە سەروویانەوە پڕۆژەی (ڕێگای گەشەپێدان) و (بەندەری فاو-ی گەورە)، جگە لە تاوتوێکردنی پلانەکانی کارکردن."
شوانی لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر کارکردن بە گیانی یەک تیم کردەوە و وتی: شانازی دەکەم کە لەم قۆناغەدا دەبمە هاوکاریتان بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەت، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی پێکهاتەکانی وەزارەتی گواستنەوەی کرد لە سەرکەوتنی پڕۆسەی گواستنەوەی زیارەتکاران لە میانی زیارەتی شەعبانییەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان.
لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەرە گشتییەکان پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی شوانی لە بەڕێوەبردنی وەزارەتدا لە قۆناغی داهاتوودا دەربڕی و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاری و کارکردن بە گیانی یەک تیم لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی وەزارەت و بەهێزکردنی ئاستی دامەزراوەییەکەی
