ئێران..ئەدمیراڵ عەلی شەمخانی وەک سکرتێری ئەنجومەنی بەرگری دەستنیشانکرا
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیارێکی دەرکرد بۆ دامەزراندنی ئەدمیرال عەلی شەمخانی وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای بەرگری.
عەلی شەمخانی (٧٠ ساڵ) بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران دادەنرێت، ئەو بە ڕەچەڵەک عەرەبە (خەڵکی پارێزگای خوزستانە)، ئەمەش ڕۆڵێکی سەرەکی پێ بەخشیوە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی.
گرنگترین وێستگەکانی ژیانی:
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی: بۆ ماوەی ١٠ ساڵ (٢٠١٣-٢٠٢٣) پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی بەدەستەوە بوو.
ڕێککەوتنی پەکین: شەمخانی سەرکردایەتی ئەو دانوستانە مێژووییانەی کرد کە بوونە هۆی دەسپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی بە نێوەندگیری عێراق و چین لە ئاداری ٢٠٢٣دا.
پۆستە سەربازییەکان: لە سەردەمی سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمیدا پۆستی وەزیری بەرگری هەبووە، هەروەها لە یەک کاتدا فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی ناو سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێرانی لەئەستۆ بووە.
