لامین یامال بە لێدوانەکانی سەبارەت بە خەڵاتی تۆپی زێڕین هاندەرانی سەرسام دەکات
یامال دوپاتیکردەوە ئەرکی ئەوان لە لالیگا قورسە و گرنگیش بە خەڵاتە تاکەکەسییەکان نادات.
لامین یامال بەهۆی وەرگرتنی خەڵاتی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بۆ درەوشانەوەی لە وەرزی رابردوودا، لە گفتوگۆیەکدا دووپاتی کردەوە کە ئێستا کاتە هەستیارەکان دەستیان پێ کردووە و یاریزانە کوالێتی بەرزەکانی بەرشەلۆنە دەبێت لەم ساتانەدا خۆیان بسەلمێنن.
سەبارەت بە رکابەرییەکانی خولی ئیسپانی، یامال ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە قورسترین پاڵەوانێتییە چونکە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت و تا کۆتایی هیچ شتێک یەکلا نەبووەتەوە، بۆیە پێویستە تا کۆتایی بجەنگن و لە هەموو یارییەکاندا خاڵ کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوان.
لەبارەی چامپیۆنز لیگەوە ئاماژەی بەوەکرد، شکستی تاڵی وەرزی ڕابردوو بەرامبەر ئینتەر میلان لە سان سێرۆ لەبیر نەکراوە، بەڵام بەڵێن دەدات بەرامبەر هەر ڕکابەرێک بە تەواوی توانایانەوە ئامادەبن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو ئەستێرەیە باسی لەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی ئەو تەنها گۆڵ تۆمارکردن نییە، بەڵکو دەیەوێت بە باشی یاری بکات و تیپەکەی سەرکەوتوو بێت، چونکە پێی وایە هەندێک جار ئەگەر گۆڵیش نەکات بەڵام ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات گرنگترە.
لە کۆتاییدا، لامین یامال ئاماژەی بە بەدەستهێنانی پلەی دووەمی تۆپی ئاڵتوونی 2025 کرد و رایگەیاند کە هەرگیز خەریكی بیرکردنەوە لە خەڵاتە تاکەکەسییەکان نییە، چونکە ئەو خەڵاتانە پەیوەستن بە نازناوە بە کۆمەڵەکان و دەنگدانی کەسانی دیکەوە، بۆیە تەنها ئامانجی ئەوەیە چێژ لە یاری کردن وەربگرێت و لەگەڵ بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نازناو بەدەستبهێنێت، چونکە دەزانێت خەڵاتە تاکەکەسییەکان لەو رێگەیەوە بەدەست دێن.
