عراقچی: ئەم گەڕەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکێکی باش بوو
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئەم گەڕەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکێکی باش بوو. جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.
هەینی، 6ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوای تەواوبوونی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئەمڕۆ چەند گەڕێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوو، لە گەیاندنی پەیامەکاندا چەند خاڵێکی نیگەرانیی ئێمە لە دوای ئەو هەموو ماوەیە گەیەندران.
باسی لەوە کرد، لە کەشێک زۆر باشدا باس لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە کرا، هەروەها گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بە شێوەکی گشتی ئەم گەڕەی دانوستان دەستپێکێکی باش بوو، بەڵام پێویستە بگەڕێنەوە تاران بۆ ئەوەی قسە بکەین لەسەر چۆنییەتی بەردەوام بوون لە دانوستانەکان.
عراقچی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە روو، هەموو نیگەرانییەکان و بەرژەوەنیدیەکانی گەلی ئێرانمان ئاراستەی لایەنی بەرانبەر کردووە، هەروەها هەموو دید و بۆچوونەکانی لایەنی بەرانبەر (ئەمریکا)ـمان وەرگرتووە.
گوتیشی: بۆ درێژەدان بە دانوستەکانی ئێران و واشنتن، لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لادا هەیە، بەڵام دەبێت راوێژ لەگەڵ وڵاتەکانی خۆمان بکەین.
