کەشناسی هەرێم: بارانبارین زیاد دەکات و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت
کەشناسی رایگەیاند، بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە ناوچەشاخاوییەکانیش بەفردەبارێت و پلەکانی گەرماش بەرەو بەرزبوونەوە دەچن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا رۆژی چوارشەممە واتا سێ رۆژی دیکە بارانبارین بەردەوام دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما لە بەرزبوونەوەدا دەبن.
هاوکات بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم هاوتای بارانبارین، لە ناوچە شاخاویی و سنورییەکانیش بەفربارینێکی کەم دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان بۆ سبەی دووشەممە زیاد دەکات و لە سەرتاسەریی ناوچەکەمان باران دەبارێت، هەروەها رێژەی دابارین لە سنوری سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ، زیاتر دەبێت باران بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ کات لێزمەباران دەبێت، لە دهۆکیش ئەگەری بارانبارینی بەلێزمەی هەیە، لە هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجەش باران لەسەرخۆ و نمەبارانی پچڕپچڕی دەبێت و هەورەبروسکەشی لەگەڵ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوچەسنوریی و شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و پێشبینیش دەکرێت خێرایی با زیاد بکات.
باران بارینی ئەمڕۆی چەند ناوچەیەکی هەرێم:
هەولێر: دڵۆپ دڵۆپ
پیرمام: ١.١ ملم
ئاکرێ: ١٢.٤ ملم
ئامێدی: ٨.٤ ملم
بازیان: ١.٢ ملم
حاجی ئۆمەران: ٢١.٨ ملم
