ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ترەمپ: ئێران هێڵی سور تێپەڕێنێت بە تەنیا هێرشدەكەین
بەرپرسانی بەرگری ئیسرائیل لەم دواییانەدا بە هاوتا ئەمریکییەکانیان ڕاگەیاندوە کە بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێران هەڕەشەیەکی جدیی و بونییە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، و تەلئەبیب ئامادەیە ئەگەر پێویست بکات بە تەنیا بجوڵێتەوە و ئەو مەترسییە كۆتایی پێبهێنن. هەروەها زۆرێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کە ترەمپ ڕەنگە مۆدێلی گورزە سنوردارەکان بگرێتەبەر هاوشێوەی ئەوەی بەرامبەر حوسییەكان ئەنجامیدا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئۆشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە نییەتەکانی ئیسرائیل بۆ هەڵوەشاندنەوەی توانا موشەکیەکانی ئێران و ژێرخانی بەرهەمهێنانەکەی، لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردودا لە ڕێگەی زنجیرەیەک نامەی ئاستبەرزەوە دەربڕدراوە. بەرپرسە سەربازییەکان پلانی ئۆپراسیۆنییەکانیان بۆ لاوازکردنی بەرنامەکە ڕونکردوەتەوە، لەوانە وەشاندنی گورز لە ناوەندە سەرەکییەکانی دروستکردن.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەكە، "بە ئەمریکییەکانمان ڕاگەیاندوە کە ئەگەر ئێران ئەو هێڵە سورە تێپەڕێنێت کە بۆ موشەکە بالیستییەکان دامانناوە، ئێمە بە تەنیا هێرش دەکەین". ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل هێشتا نەگەیشتوەتە ئەو ئاستە، بەڵام بەردەوام چاودێری پەرەسەندنەکانی ناو ئێران دەکات.
بەرپرسان دەڵێن، "ئیسرائیل ئازادی مامەڵەکردنی پاراستوە"، و جەختیان لەوەکردەوە کە تەلئەبیب ڕێگە نادات ئێران سیستەمە چەکە ستراتیژییەکان بە قەبارەیەک بگێڕێتەوە کە هەڕەشە لە بونی ئیسرائیل بکات. هاوكات یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری، ساتەوەختی ئێستای بە "دەرفەتێکی مێژویی" وەسفکرد بۆ وەشاندنی گورزێکی کوشندە لە ژێرخانی موشەکی ئێران و پوچەڵکردنەوەی هەڕەشە چالاکەکان بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ.
ڕۆژنامەی "ئۆشەلیم پۆست" باشی لەوەشكرد، لە میانی گفتوگۆکانی ئەم دواییانەدا، ئیسرائیل پلانگەلێکی پێشکەشکردوە بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوەی زیادە کە پەیوەستن بە بەرنامەی موشەکییەوە. لەكاتێكدا زۆرێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕەنگە مۆدێلی گورزە سنوردارەکان بگرێتەبەر هاوشێوەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا دژی حوسییەکان لە یەمەن، بە شێوەیەک کە تواناکانی ئێرانییەکان بە سەلامەتی بمێننەوە.
بەرپرسێکی دیکەی سەربازی دەڵێت، "نیگەرانییەکە لەوەدایە کە ڕەنگە هەندێک ئامانج هەڵبژێرێت و سەرکەوتن ڕابگەیەنێت، و ئیسرائیل بە تەنیا جێبهێڵێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکان، ڕێک وەک ئەوەی لەگەڵ حوسییەکان کردی"، و ڕونیکردەوە کە ڕێکارە لاوەکییەکان هەڕەشە بنەڕەتییەکە لەناو نابەن.
