دەرجال: هەڵبژاردەی نیشتمانی لە کیشوەری ئەمریکا کەمپ دەکات
عەدنان دەرجال سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق،دووپاتیکردەوە کە هەڵبژاردەی نیشتمانی لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان لە کیشوەری ئەمریکا ئەنجام دەدات وەک ئامادەکارییەک بۆ یاریی پاشکۆ ، هاوکات ڕایگەیاند کە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ڕاناوەستێنرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە "دەرجال" لە لێدوانێکدا بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووه وتی: ستافی هونەریی هەڵبژاردەی نیشتمانی بە تەواوی چاودێری یاریزانەکان دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد : کە هەفتانە دوو بۆ سێ جار کۆبوونەوەی ڕێکخراو لەگەڵ ڕاهێنەر ئەنجام دەدرێت بۆ تاوتوێکردنی هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ئامادەکردنی هەڵبژاردەکە و ئامادەکارییەکانی داهاتوو.
"دەرجال"ڕوونیکردەوە کە "کەمپە مەشقەکە لە وڵاتێکی نزیک لە مەکسیک دەبێت،کە ئەمە ئەرکێکە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، چونکە زیاتر لە 45 ملیۆن عێراقی چاوەڕێی خۆشی دەکەن و هیوادارین یاریزانەکان لە ئاستی چاوەڕوانیدا بن و هەڵبژاردەکە سەرکەوتوو بێت لە گەیشتن بە مۆندیال دوای دابڕانی 40 ساڵ.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کێبڕکێکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوام دەبن تەنانەت لە ڕۆژانی پشووی نێودەوڵەتیدا (FIFA Day)، ئەمەش ئەوەیە کە لەگەڵ یانەکان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، لەگەڵ پێدانی مافی تۆمارکردنی پێنج یاریزان بە تیمەکان، کە دووانیان یاریزانی ناسراو بن، بۆ دەستەبەرکردنی ڕانەوەستانی خولەکە،جەختیشی کردەوە کە پێویستە خولەکە پێش کۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو تەواو بێت.
