شێخ حەمودی: هێزە نیشتمانییەکان پەرۆشن بۆ ئەوەی بڕیارەکانیان عێراقییانە و ناوخۆیی بێت
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، شێخ هەمام حەمودی، جەختی لەسەر پەرۆشی هێزە نیشتمانییەکان کردەوە کە بڕیارەکانیان عێراقییانە و ناوخۆیی بێت، و ڕەنگدانەوەی دیدگای ئەوان بێت بۆ بونیادنانی حکومەتێکی بەهێز.
ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی شێخ حەمودی، کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی شێخ هەمام حەمودی، پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا، نیکۆڵۆ فۆنتانا کرد."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: "لە دیدارەکەدا باس لە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان و جوڵەی هێزە عێراقییەکان لەسەر ڕێڕەوی پێکهێنانی سەرۆکایەتییەکانی تر کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئەزموونی دیموکراسی عێراق لە بەهێزکردنی سەقامگیری وڵات و ناوچەکە و فراوانکردنی دەرفەتەکانی کرانەوە بە ڕووی ئەوروپا و جیهاندا."
شێخ حەمودی - وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە - جەختی کردەوە لەسەر "پەرۆشی هێزە نیشتمانییەکان بۆ ئەوەی بڕیارەکانیان عێراقییانە و ناوخۆیی بێت، و ئیلهام لە ئەزموونەکانیان وەربگرێت، و بەرجەستەی دیدگای ئەوان بێت بۆ بونیادنانی حکومەتێکی بەهێز کە لە ئاستی ئەو تەحەدییە جیاوازانەدا بێت کە وڵات ڕووبەڕوویان دەبێتەوە."
ئەوەشی ڕوونکردەوە کە "تەبایی و گیانی گفتوگۆ سەقامگیرییەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە، و متمانەیەکی نێودەوڵەتی دروستکردووە کە هانی داوە بۆ گواستنەوەی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە سووریاوە بۆ عێراق، جگە لە زیادبوونی کێبڕکێی نێودەوڵەتی لەسەر دەرفەتە وەبەرهێنانەکان"، هاوکات جەختی لە "شانازیی خۆی بە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیتاڵیا و پەرۆشی بۆ فراوانکردنی هاوکاری و وەبەرهێنانەکانیان لە وڵاتدا" کردەوە.
